ھەوکردنی کۆئەندامی میز و میزەرۆ لە ھەوکردنە باوەکانی منداڵانە بە تایبەت تر لە رەگەزی کچاندا روودەدات، بە تایبەت لە ژێر تەمەنی یەک ساڵیدا وە لە تەمەنی ھەرزەکاریدا، شێوەیەکی گشتی نزیکەی لە سەدا دە ی تای منداڵان لەوانەیە ھۆکارەکەی ھەوکردنی کۆئەندامی میزەرۆ بێت..
لەو کورانەی کەوا سوننەت نەکراون دە (١٠) ئەوەندە زیاترە وەك ئەوانەی سوننەت کراون
ئەو منداڵانەی کەوا گرفتیان لە پیسایی کردندا یان حاڵەتی قەبزی یان ھەیە، ئەو منداڵانەی کە کرمی ریخۆڵەیان ھەیە،یان جلی تەسك لە ژێرەوە لەبەر دەکەن زیاتر تووشی ئەو حاڵەتە دەبن ، ئەو منداڵانەی فێری سەر ئاو و خۆپاککردنەوە نەبوون و یان لە تەمەنێکی درەنگتر فێر دەکرێن، یان ھەندێ کات منداڵ زیاتر میز رابگرێت و لە کاتی گونجاودا نایکات زووتر توشی ئەو حاڵەتانە دەبن
ھۆکارەکان بە شێوەی گشتی ڤایرۆسین یان بەکتریان کە زۆربەی بەکتریاکان ھەر ئەو بەکتریایانەن کە لە کۆئەندامی ھەرس دەژین لە وێشەوە دەبنە ھۆکاری ھەوکردن کاتێك خۆپاککردنەوەی سەر ئاو بە رێک و دروستی نەبێت
نیشانەکانی بە گوێرەی تەمەن دەگۆرێت لە تەمەنی بچووک و گەورە جیاوازی ھەیە، لە منداڵی زۆر بچووك لەوانەیە تەنھا تای لێ بێت، کەم شیر بخوات ، بێ تاقەت بێت، لەوانەیە ببێتە رشانەوە،کەمی زیادکردنی کێش، ھەندێ جاریش زەردوو ، بەلام لە تەمەنی گەورەتر دەبێتە ھۆی زوو زوو میز کردن، بوونی ئازار و نارەحەتی لە کاتی میز کردن، ئازاری سک بەتایبەتی سەرمیزڵدان ، گۆرانی رەنگی میز و ھەندێک جاریش بۆنی ناخۆش لە میزەکەیدا دەبێت
ئەگەر ھەوکردنەکە لە گورچیلەکان بێت بێگومان تای بەرزی دەبێت ھەندێک جار پلەی تا کە زۆر بەرز دەبێت و دەبێتە مەترسی، لەرز دەیگرێت و تووشی رشانەوە دەبێت.
زۆر پشکنین ھەیە بۆ منداڵ دەکرێت کاتێک گومانی هەوکردنی کۆئەندامی میزەڕۆ دەکرێت و پێویست دەبێت بە تایبەتی پشکنینی میز، ھەندێک جار چاندنی میزەکە تا وەکو بزانرێت کامە میکرۆبە بووتە ئەو ھۆکارە و بە چ دەرمانێکی تایبەت لەنەو دەچێت، پشکنینی سۆنار بە تایبەت ئەگەر دووبارە و سێ بارە ببێتەوە یان گومانی ئەوە بکرێت کە گورچیلەکانی تەواو نین یان ئاوساون یان بەردی تێدا بێت یان لە سکماکدا تەواو نەبێت.
ھەردەم چارەسەری پێویستە لەم حاڵەتانەدا بەڵام گرنگە ئەو ھۆکارانەی کە دەبنە تووشبون بەو ھەوکردنە چارەسەر بکرێت وەك زۆر ئاو خواردنەوە، جلی ژێرەوە فراوان بێت و ناو لەش توند نەگوشێت ،قەبزی چارەسەر بکرێت، ئەگەر گومانی بوونی کرمی ریخۆڵەکەدا زوو چارەسەر بکرێت ، ھەروەھا بە رێکی بچێت بۆ سەر ئاو بە هەر ھۆکارێک بێت وەک یاری کردن یان خوێندن و دەوامی قوتابخانە . بە جوانی پاک بکرێتەوە لەسەر ئاو، فێر بکرێت ئەگەر خۆی خۆی پاک کردەوە بە باشترین شەواز خۆی پاک بکاتەوە و ناو لەشی وشک بپارێزێت و جلی ژێرەوە ھەردەم وشک بێت و تەر نەبێت یان زوو بیگۆڕێت.
دوا ھەنگاویش پێویستی بە چارەسەری پزیشکی ھەیە و بەدواداچونی دەوێت بەتایبەت لەو منداڵانەی کە زوو زوو توشی ئەو ھەوکردنە دەبن یان کاریگەری لە گەشەیان کردووە.